پێت سەیر نەبێت ئەگەر سەرۆکی وڵاتێک هەبێت بیەوێت پارەی وڵاتەکەی بێ قیمەت بکات
ژووری هەواڵ
پێت سەیر نەبێت ئەگەر سەرۆکی وڵاتێک هەبێت بیەوێت پارەی وڵاتەکەی بێ قیمەت بکات، بەڵام لە راستیدا ترەمپ رێک ئەوە دەکات و بەپلانێکی زۆر وردو داڕێژراو دەیەوێت بەهای دۆلار داببەزێنێت، لەوەش زیاتر دەیەوێت پێی چین رابکێشێت بۆ شوێنێک کە خۆی باش دەزانێت یاری تیا بکات.
ئەمەی ترەمپ دەیکات لە خۆڕا نییەو چیرۆکەکە لە شوێنێکی ترەوە دەست پێدەکات.
لە ئەیلولی 1985 ئەمەریکاو ژاپۆن و ئەڵمانیای رۆژئاواو فەرەنساو بەریتانیا لە هۆتێل پلازا لە نیویۆرک کۆبوونەوە، هەموو لایەک رێککەوتن کە بەهای دۆلار بهێننە خوارەوە، رۆناڵد ریگن و ئیدارەکەی بە مەبەست ئەم کارەیان دەکرد، دەیانویست کەلوپەلی ئەمەریکی لە دەرەوە هەرزان بکەن و خەڵک بیکڕێت.
ژاپۆن بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بوو بە تەڵەکەوە، چونکە نرخی یەن بەرزبووەوەو ئیتر کاڵای ژاپۆنی لە کڕین نەدەهات، بۆیە بەناچاری کۆمپانیا گەورەکانی وەک تۆتۆتاو هۆنداو نیسان کارگەکانیان بردە ئەمەریکا، لە بری ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ ئەمەریکا بنێرن ئیتر هەر لەوێ دروستیان دەکرد، ئەمەش ئابوری و پیشەسازی ئەمەریکای بوژاندەوە.
ئێستا کاتێک ناوی تۆیۆتای وارد ئەمەریکی دەبیستی ئەوە بزانە ئەو پلانە بە هێواشی لەسەر ئاگرەکەی هۆتێل پلازا کوڵاوە.
ترەمپ دوای 41 ساڵ دەیەوێت هەمان مۆدێل دووبارە بکاتەوە، چونکە لە سەردەمی ئۆباماو بایدندا چین چەند شەقاوێکی گەورە کەوتە پێش ئەمەریکاو وایکرد کورتهێنانی بازرگانی کاڵای ئەمەریکا لەگەڵ چین بگاتە 295 ملیار دۆلار، واتە زۆر بە سادەیی ئەوەی چین و ئەمەریکا بەیەکیان دەفرۆشت، چین 295 ملیار دۆلاری بۆ دەمایەوە.
ترەمپ ناهێڵێ بە ئاسانی ئەمە تێبپەڕێ، بەڵام چین ئەزموونە تاڵەکەی ژاپۆنی بینیوەو دەزانێت بەرزبوونەوەی لەناکاوی دراوەکەی سەری ئابوورییەکەی دەخوات، بۆیە پەنای بۆ زێڕ برد، واتە دابەزینی بەهای دۆلار یەکسانە بە بەرزبوونەوەی نرخی زێر، نەک دراوی چینی.
ترەمپ کاتێک چووە چین ئەوەی لە پاروویەکی گەرمدا بی سەرۆک شی بردبوو، هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە بەهای دۆلار بهێنێتە خوارەوە، بەو پێیە بە شێنەیی قەرزەکانی دەداتەوە بە چین، کاتی خۆی ئەمەریکا قەرزێکی زۆری لە چین کردووە، قەرزەکە بە دۆلار بووەو ئێستاش هەر بە دۆلار دەیداتەوە، ئەو دۆلارەی چەند ساڵێک پێش ئێستا قەرزکراوە ئێستا هەمان بەهای نییە، لەم کاتەدا ئەمەریکا قازانجی کردو چین زەرەر.
بەڵام دەبێ ئەوە بزانین چین لێزانانە یارییەکە دەکات و زێڕێکی زۆر کۆ دەکاتەوە، مێژوو سەلماندوویەتی هەر وڵاتێک زێڕی زۆر کۆکردبێتەوە ئەنجام ئەو براوە بووە، وەک چۆن ئەو زێڕە زۆرەی لە نیویۆرک کۆکرایەوە وایکرد هێزی دارایی لە پاوەنەوە بگۆڕێت بۆ دۆلار.
ئەوەی دەگوزەرێت بەم شێوەیەیە: ترەمپ بە دەستی خۆی دەیەوێت بەهای دۆلار بهێنێتە خوارەوە، چینیش هەرچی کردووە دەیەوێت دۆلار بەهاو قیمەتەکەی لەدەست نەدات، چونکە تەنیا بەو شێوەیە ئابوورییەکەی سەلامەت دەبێت.