تەنیا لە بۆنە ئاینییەکان
ئینتەرنێتی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەکرێتە بێ بەرامبەر
964+
پەری ساڵح
مستەفا سەنەد وەزیری نوێی گەیاندنی عێراق لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، کۆمپانیای گشتیی گەیاندن و زانیاریی عێراق راسپێردراوە بۆ کارپێکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە تەواوی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکاندا، کە بڕیارەکە لە پێنجشەممەی هەفتەی داهاتووەوە واتە 4.6.2026 هاوکات لەگەڵ جەژنی غەدیری شیعەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم پڕۆژەیە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت (ئێرسلینک، عێراق سێڵ، سوپەر سێڵ، ڤایبەر ئێکس، جەزیرە، و سەباح تەقەنیە) جێبەجێ دەکرێت و بەم شێوازەی خوارەوە دابەش بووە:
1-خزمەتگوزاریی هەفتانەی بەردەوام
هەموو رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە درێژایی ساڵدا، ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لەم شوێنانە و دەوروبەریان بەردەست دەبێت:مەزارگەکانی (عەلەوی، حسێنی، عەباسی، کازمی، و عەسکەری).
مەزارگەی ئیمامی ئەبو حەنیفەی نەعمان.
2- بۆنە ئاینییە تایبەتەکان
خزمەتگوزارییەکە لە شارەکانی (نەجەف، کەربەلا، کازمینی، سامەڕا، و مەزارگەی ئەبو حەنیفە) لە کاتی بۆنە ئاینییەکانی وەک: (مەولودی پێغەمبەر، جەژنی غەدیر، سەردانی شەعبانیە، رۆژانی یادکردنەوەی لەدایکبوون و کۆچی دوایی ئیمامەکان) بەتەواوی بەردەست دەبێت.3- پلانی تایبەت بە عاشورا و چلەی ئیمامی حسێن (ساڵی 2026)
بۆ مەڕاسیمەکانی مانگی موحەڕەم و سەفەر، پلانێکی بەرفراوان دانراوە کە تێیدا: تەواوی هێڵە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی کۆمپانیاکان چالاک دەکرێن بۆ دابینکردنی باشترین ئینتەرنێت لە ناوچەی نێوان حەرەمەین و دەوروبەری.هاوکات دەروازە سنوورییەکان تەواوی ئەو دەروازە و رێڕەوانەی زیارەتکارانی پێدا دێت، بە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بەردەست دەبێت.