لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
داوایەک بۆ لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی فیدراڵی
مافی مرۆڤ: ناکۆکییە سیاسییەکان لە ژیانی هاوڵاتیان دووربخەنەوە
ئەحمەد مستەفا
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی نوێدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان لە ژیان، مووچە و گوزەرانی هاوڵاتییان دوور بخەنەوە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، هەر هەڵوێستێک ببێتە هۆی نائارامی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتییان، لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت.
دەستەکە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە کردووە و هۆشداریشی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی داوە، کە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی دانیشتووان کراوەتەوە.