منداڵێکی سێ ساڵان لە بناری قەندیل ونبووە و پۆلیسیش دەڵێت سکاڵا تۆمار نەکراوە
+964
فەرمان مەلا حەسەن – پشدەر
نزیکەی 23 کاتژمێرە منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان لە سنووری بناری قەندیل ونبووە، لە کاتێکدا کەسوکارەکەی لە هەموو لایەکەوە بەدوایدا دەگەڕێن، پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت، کە تاوەکوو ئێستا هیچ سکاڵایەکی فەرمی لای ئەوان تۆمار نەکراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست پەیامنێری 964 لە کەسوکاری منداڵەکەوە کەوتووە، ئەو منداڵە نیشتەجێی ناحیەی پیرزینە، بەڵام بە مەبەستی سەردان و جەژنەپیرۆزە چوونەتە گوندی ‘ئێندزە’ لە بناری قەندیل، هەر لەوێش لە دوێنێوە ونبووە.
کەسوکاری منداڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە تەواوی خێزان و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن بەدوایدا و داوا لە هەر کەسێک دەکەن زانیارییەکی لایە، هاوکارییان بکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین سەبارەت بەم رووداوە بۆ 964 وتی،تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە بارەی ونبوونی ئەم منداڵەوە سەردانی بنکەکانی ئێمەی نەکردووە و هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەمبارەیەوە تۆمار نەکراوە.