لەسەر رێگای کەرکوک - بەغدا
ئۆتۆمبێلێک لە ماتۆڕسکیلێکی دا و دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا و نزیک ناحیەی سلێمان بەگ ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا و دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو روویداوە، عەقید محەمەد حەمید بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، “ماتۆڕسکیلەکە دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی بەسەرە بووە و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بازاڕ بەرەو بنکەکەیان، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری “دۆج” کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە ماتۆڕەکەیاندا کێشاوە”.
“یەکێک لەو دوو کارمەندە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەش دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، هەر لە شوێنی رووداوەکەش، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیر کراوە”، عەقید محەمەد وای وت.
هەر لەبارەی رووداوەکە، ئیبراهیم خالید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “هەردوو کارمەندە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، یەکێکیان هەرزوو گیانی لەدەستدابوو، ئەوە دیکەش ئەوەی لەدەستمان هات بۆمانکرد و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوکمان کرد، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی لەوێ گیانی سپاردووە”.
وتیشی، یەکێک لەو دوو کارمەندە خەڵکی شاری ناسریەی خواروی عێراقە و دەوامەکەی لە سنوری خورماتووە و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی خورماتووە.