ئاهەنگگێڕان بەردەوامە
ئارسیناڵ دوای 22 ساڵ چاوەڕوانی بووە پاڵەوانی ئینگلتەرا
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەی ئارسیناڵی لەندەنی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگی ئینگلیزی، پاش 22 ساڵ چاوەڕوانی و حەسرەتی هاندەرانی.
لە گەڕی 37ی خولی نایابی ئینگلیزی، شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی و بۆرنمۆس بە 1-1 گۆڵ یەکسان بوون، ئەم ئەنجامە بەس بوو جیاوازی نێوان ئارسیناڵ و مان سیتی لە رکابەریی بردنەوەی نازناوەکە، پێش گەڕێک لە کۆتایی خولەکە، ببێتە چوار خاڵ و رکابەرییەکە یەکلابێتەوە.
هاندەرانی ئارسیناڵ لە ئینگلتەرا و بە دیاریکراوی لە باکووری لەندەن، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاهەنگگێڕان و خۆشیدەربڕین بەردەوام بوون و تا ئەم بەیانییە نەخەوتوون.
ئارسیناڵی لەندەنی 22 ساڵە چاوەڕێی ئەم رۆژەی دەکرد، کە دواجار لە وەرزی 2003-2004 نازناوەکەی بەدەستهێنابوو.
ئەم وەرزە بۆ تۆپچییەکانی لەندەن نموونەییە و جگە لە بردنەوەی پرێمەرلیگ، گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و 30ی ئەم مانگە لە بۆداپێست لەگەڵ پاریس سانجێرمان یاریی دەکەن.