"تەعەدامان لێ دەکرێت و ئیهانە دەکرێین"
جوتیاران و ئاژەڵدارانی کەرکوک هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جوتیاران و ئاژەڵدارانی کەرکوک گلەییان لە بازگەکان و بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پارەی گەنم هەیە و دەڵێن، بەخۆیاندا نەچنەوە، هەڵوێستیان دەبێ و دەست دەکەن بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ هەر تۆنێک گەنمی ئەو جوتیارانەی لە دەرەوەی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵدان، 500 هەزار دینار بدرێت و ئەوەش زیانێکی زۆر بە جوتیارانی ناوچە دابڕێنراوەکان دەگەیەنێت.
جوتیارێکی سنووری تۆپزاوە کە خۆی وەک ساتع کەرکوکی بە 964 ناساندووە و دەڵێت، “ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئەگەر تاوەکو رۆژی 1.6.2026 حکومەتی فیدڕاڵ بە بڕیارەکەیدا نەچێتەوە و داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات، ئەوا ئێمەش هاوشێوەی پارێزگاکانی باشووری عێراق کاردانەوەمان دەبێت و دەست بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە دەکەین”.
جوتیاران و ئاژەڵدارانی کەرکوک پێشیانوایە، لەکاتی گواستنەوەی کەرەستە و ئاژەڵەکانیان لە هەندێک لە بازگاکان گیچەڵیان پێدەکرێت و ئیهانە دەکرێن، بۆیە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە، بە نووسراێک پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک ئاگادار بکەنەوە، لەکاتی بەبازاڕکردنی بەروبووم و بەرهەمەکانیان، ئاستەنگ و بەربەستیان بۆ دروست نەکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری