دەستەى دەستپاکى:
عالیە نوسەیف 7 ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە
964+
وریا فەتاح
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەرچوونی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتار (عالیە نوسەیف) بە تۆمەتی “دەوڵەمەندبوونی نایاسایی” راگەیاند، بە مەرجی گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی، بڕیارێکی ئامادەبوونی دەرکردووە بە سەپاندنی سزای 7 ساڵ زیندانی بەسەر پەرلەمانتار (عالیە نوسەیف جاسم).
بەپێی بڕیارەکەی دادگا کە پشت بە یاسای دەستەی دەستپاکی دەبەستێت، ئەو پەرلەمانتارە ناچار کراوە تەواوی ئەو سامانە بگەڕێنێتەوە کە بە شێوەی نایاسایی بەدەستی هێناوە، کە پێکهاتووە لە:
14 ملیار و 239 ملیۆن و 590 هەزار دیناری عێراقی.
12 ملیۆن و 442 هەزار و 500 دۆلارى ئەمریکى.
سەرباری گەڕاندنەوەی ئەم پارانە، دادگا بەوەش لێى نەگەڕاوە و بڕیاریداوە بە سەپاندنی “پێبژاردن” بەسەر تاوانبارەکەدا، کە بڕەکەی هاوتا دەبێت لەگەڵ بڕی ئەو سامانە نایاساییەی بەدەستی هێناوە (واتە دەبێت دوو هێندەی ئەو ژمارانەی سەرەوە بداتەوە).
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا سزایەکی تری زیندانیکردنی توندی بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر (عالیە نوسەیف)دا سەپاندووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زانیارییەکانی لە “فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامان”دا شاردووەتەوە. بەڵام دادگا بڕیاریداوە سزایە قورسترەکەیان (کە 7 ساڵەکەیە) بەسەر ناوبراودا جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتاییدا دەستەی دەستپاکی ڕوونیکردووەتەوە، بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکانی ئەو پەرلەمانتارەی پشتڕاست کردووەتەوە، هەروەها مافی داوە بە دەستەی دەستپاکی کە پاش بنبڕبوونی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.