جێگەی مشتومڕی نێوان دیمەشق و (هەسەدە)یە

تێکەڵکردنی شەڕڤانە ژنەکان لەناو سوپای سوریادا یەکلانەبووەتەوە

فەرهاد حەسەن

راپۆرتێکی کەناڵی (العربیه) باس لە کۆبونەوەیەکی سەرنجڕاکێش له‌ بارەگای وەزارەتی ناوخۆ لە دیمەشق دەکەت، کە ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆ، پێشوازی لە شاندێکی پارێزگای حەسەکە کردووە، کە شاندەکە‌ فه‌رمانده‌ی باڵای ناو‌ هێزه‌كانی یه‌په‌ژەن‌ و دەڵێت باس لە تێکەڵکردنەوەی شەرڤانە ژنەکان کراوە بۆپ ناو سوپای سووریا، بەڵام کێشەیەکی ئاڵۆزە و بووەتە جێگەی مشتومڕی نێوان دیمەشق و (هەسەدە).

کەناڵەکە راپۆرتێكی بڵاوکردووەتەوە‌، سەرچاوەیەک لە نوسینگەی وەزیری ناوخۆ بە کەناڵه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، وەزیری ناوخۆی سوریا پێشوازی لە شاندێکی ئەمنی حەسەکە کردوە کە شەڕڤانانی ژنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ی تێدابووە.

دەڵێت “وەزارەت لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێکەڵکردنی شەڕڤانە ژنەکانی ئاسایش دەکات بۆ ناو ریزەکانی بە پێدانی پلەی سەربازی پێیان”.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کوردیش ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە “گفتوگۆکان بە گشتی لە دەوری بەشداریکردنیان لە خولی راهێنان لە پەیمانگای پۆلیسی ژناندا بووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵکردنی فەرمییان لەناو ریزەکانی وەزارەتی ناوخۆدا”.

بەڵام سەرچاوەیەکی حکومی لە دیمەشق وتویەتی‌، دۆسیەی یه‌په‌ژه‌ هێشتا یەکلانەکراوەتەوە، چونکە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی بەرگری سوریا و سەرکردایەتی یەکەکانی پاراستنی ژنان بەردەوامن، هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆکانی تایبەت بە تێکەڵکردنی شەڕڤانە ژنەکانی ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆدا.

هەرچەندە رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکەکانی پاراستنی ژنان، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسره، وەزیری بەرگری سوریا کۆبوەوە، بەڵام هیچکام لە لایەنەکان نەگەیشتنە هیچ چارەسەرێکی گونجاو سەبارەت بە تێکەڵکردنی ئەو یەکانە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا.

کەناڵەکە دەڵێت، ئەو هێزەی کە پێشتر بە “ئاسایش” دەناسرا، هەزاران شەڕڤانی ژن لە ریزەکانیدا له‌خۆگرتووه‌، ئەو هێزە پێشتر تێکەڵی وەزارەتی ناوخۆ ببوو، ئەوەش دوای ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر سیامەند عەفرین وەک جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە دەستنیشانکرا، بەبێ ئەوەی شەڕڤانە ژنەکانی ناو ئەو هێزانە لە وەزارەتی ناوخۆدا تێکەڵ بکرێن، کە ئەوەش دواتر بووە جێگەی ناکۆکی و مشتومڕ لە نێوان دیمەشق و هەسەدە.