بۆ نۆمینەی حاجیان خواردن بەبەلاش دەدات
خێرۆمەندێک خێری خۆی دەکات و کەسیش نازانێ کێیە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
“کە بەدەستێک خێرت بەخشی با دەستەکەی ترت پێ نەزانێ”، خێرۆمەندێک رێک ئەم پەندە جێبەجێ دەکات و بەبۆنەی نۆمینەی حاجیان خواردن دەدات بە رێبوار و هەژاران و کەسیش نازانێ کێیە.
بۆ ئەمساڵ ئەم پیاوچاکە لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی خێرەکەی کردووە کە پڕە لە کاسبکار و خەڵکی ماندوو، خواردن و پێداویستی بردووەتە چێشتخانەیەک و ئەوانیش بێ بەرامبەر حازری دەکەن، هەرکەس رێی بکەوێتە ئەوێ، خۆی تێردەکات و دوعایەکی بەخێریان بۆ دەکات.
وەستا ئاسۆ چێشتلێنەرێکی دەستاو خۆشە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە ساڵی 2009ـەوە ئەم پیاوە هەموو ساڵێک دوو جار ئەم کارە دەکات و کەسیش نازانێ کێیە، ئەمڕۆ شاگردەکەی خۆی هات، بەشی نەمابوو”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری