"بنکەیەکی مووشەکی لە ژێردا بووە"

ئەمریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە بۆردومانکردنی قوتابخانەی “میناب”ی کچان لە ئێران ئاشکرا کرد

فەرهاد حەسەن

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هێرشكردنە سەر قوتابخانەی کچانی میناب لە ئێران “ئاڵۆزە”، چونكە بنکەیەکی موشەکیی چالاک لە ژێر بینای قوتابخانەکەدا بووە و بۆیە ئەوانیش بۆردومانیان کردووە.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی (سێنتکۆم) ئەمڕۆ سێشەممە بە کۆنگرێسی وڵاتەکەی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی سەربازیی ئەمریکا سەبارەت بە تەقینەوەکەی قوتابخانەی مینابی کچان لە ئێران “ئاڵۆزە”، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بنکەیەکی مووشەکی چالاکی ئێران لە ژێر ئەو قوتابخانەیەدا هەبووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردبووەوە کە هێزە ئەمریکاییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە رووداوی تەقینەوەی قوتابخانەی سەرەتایی میناب.

قوتابخانەی مینابی كچان، دەکەوێتە شاری میناب لە پارێزگای هورمزگانی باشوری ئێران، لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026، لەکاتی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆردومانكرا و رووخا، بەگوێرەی میدیاكانی ئێران زیاتر لە 156 خوێندکار و مامۆستا کوژراون.