بڕیارێکی کتوپڕ بووە

لە سەڵاحەدین مەیخانەکان دادەخەن و سەرپێچیکاران دەستگیر دەکەن

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە بڕیارێکی کتوپڕدا پارێزگاری سەڵاحەدین فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی “لەشوێنە نایاساییەکانی”ی پارێزگاکە قەدەغە کرد و دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ داخستنی مەیخانەکان و دەستگیرکردنی فرۆشیاران دەستپێکردووە.

هەڵمەتەکە فراوانە و شوێنە نایاساییەکان دەگرێتەوە.

​سەبارەت بە پاساوی بڕیارەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی، ئەیمەن زەهوان، قایمقامی تکریت بە 964ـی وت، ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئارامیی شار دەرکراوە، ئێمە وەک ئیدارەی خۆجێی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێگە نادەین هیچ شوێنێک بێ مۆڵەت یان بە نایاسایی کار بکات، و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە.

​سەرچاوەیەکی بەرپرسی باڵا لە هێزە ئەمنییەکانی سەڵاحەدین تایبەت بە 964 وت، وەک سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی، فەرمانی راستەوخۆمان لە پارێزگارەوە پێگەیشتووە، مەفرەزەکانمان بڵاوەیان پێکراوە و هۆشداری دەدەین کە هیچ کەسێک لە یاسا بەدەر نییە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، هەڵمەتەکە گەڕان و پشکنینی وردیش لەخۆ دەگرێت بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە بازرگانییەکی نایاسایی کە باری تەناهی شارەکە تێکبدات، لەهەڵمەتەکەدا دەیان کەس دەستگیرکراون و دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لەمادە کحولیەکاندا گیراوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.

​ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە هەریەک لەقەزاکانی تکریت – بێجی – سامەڕا، لە ئامادەباشی تەواودان بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکە و کۆنترۆڵی سەرجەم ئەو شوێنانە کراوە کە پێشتر مامەڵەیان بە خواردنەوە کحوولییەکانەوە دەکرد.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا