شاندی ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لە دانوستانی یەکەمدا لە مانگی رابردوو - وێنە؛ AFP
لە نێوان ئەمریکا و ئێران
رەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستان دەستپێبکاتەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، رەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، ئێران بۆ یەکەمجار کرانەوەیەکی پێوەدیارە سەبارەت بە گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە چوارچێوەی ئەو دانوستانەی چاوەڕێدەکرێت ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان وتووە، ئەوەی دەبینرێت سەبارەت بە کرانەوەی ئێران، پێشهاتێکی باشە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی ئەوەشی وەرگرتووە، کە ئێران هێشتا رازیی نییە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ببرێتە ئەمریکا.
هێشتا ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران کاری پێدەکرێت و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە دانوستان دەستپێبکاتەوە و بگەنە رێککەوتن، بە تایبەتی ئەمڕۆ و سبەی پێویستە ئێران وەڵامی پێشنیارەکانی ئەمریکا بداتەوە سەبارەت بە رێککەوتن.