"هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی دەبێتەوە"

شارەوانی سۆران فڕێدانی پاشماوەی خانوو و زبڵ لە لۆفەکان قەدەغە دەکات

ژێوار خدر

فڕێدانی زبڵ و خاشاک و پاشماوەی بیناسازی لە نزیک شەقامە گشتییەکان و لۆفەکانی سۆران قەدەغە کرا، سەرۆکایەتی شارەوانی سۆرانیش رایدەگەیەنێت، هەر شۆفێرێک پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.

شارەوانی سۆران ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێرانی بارهەڵگر و پیکاب و تراکتۆر بڵاوکردووەتەوە ودەڵێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک پاشماوەی خانوو لە نزیک شەقامە سەرەکییەکان و لۆفەکانی دیانا و سیتکان فڕێ بدەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە تیمەکانی شارەوانی لە چەند رۆژی رابردوودا هەموو ئەو شوێنانەیان پاککردووەتەوە و نایانەوێت دووبارە ژینگەی ناوچەکە و سیمای شارەکە تێکبدرێت.

بەپێی رێنماییەکانی شارەوانی، دەبێت خاشاکی بیناسازی تەنیا لەو شوێنە تایبەتانە فڕێ بدرێت کە بۆی دیاریکراوە و نابێت لە شوێنە گشتییەکان دابڕێژرێن. راگەیاندنی شارەوانی سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر سەرپێچیکارێک رێنماییەکان پێشێل بکات، نەک هەر سزا دەدرێت، بەڵکو لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەن کار و شۆفێرەکەش دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە تێکدانی ژینگە بگیرێت.