ئەو خۆشنووسەی کاری لەسەر پەنجەرەکانی کردووە وادەڵێت؛
نەخشی مزگەوتی رەشاد ساڵی 1992 لەلایەن مەغریبییەکانەوە دروستکراوە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لەسەر ئەرکی بنەماڵەی رەشاد موفتی، یەکێک لە مزگەوتە بەناوبانگ و رەسەنەکانی شاری هەولێر بە تەواوی نۆژەنکرایەوە.
فەرهاد لەک، وەستای کارەکە، ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی بارانەوە سەبەی کاشییەکان تێکچووبوون، بەڵام بە کارێکی ئەندازیاری و بە مۆدێلی نوێ چاککراونەتەوە کە بەرگەی ساڵانێکی زۆر دەگرێت و خۆشحاڵیشی دەربڕی بە بەشدارییکردن و بانگێشتکردنیان.
نەجات ئەنوەر خۆشنووس کە کاری لەسەر پەنجەرەکانی مزگەوتەکە کردووە، باسی لەوە کرد کە یەکەم کەس بووە لە باشووری کوردستان کە ئەم جۆرە کارەی بۆ مزگەوتەکان کردووە، دەشڵێت، هەستێکی خۆشم هەیە و کاتی خۆی بە رەشاد موفتیم دەوت کاکە.
نەجات ئەنوەر وتیشی، نەخشی مزگەوتەکە ساڵی 1992 لەلایەن مەغریبییەکانەوە دروستکراوە.
محەمەد مەلا گچکە، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە دەڵێت؛ قورسترین بەشی سەقفەکەی بوو، چونکە هەمووی زەخرەفە بوو، پێش 10 ساڵ بەشێوازی کلاسیک دروستکراوە، سەرەتا لە سەرەوە دەستمانپیکرد.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح