شارەوانیی هەولێر خەریکی لابردنی زێدەڕۆیی سەر شەقامەکانە. فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی
شارەوانیی هەولێر
زێدەڕۆییەکانی دوو سایدی منارە، لەنگەی نوێ، شەقامی 60 مەتری لابران
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵمەتی شارەوانیی هەولێر بۆ رێکخستنەوە و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە شەقام و بازاڕە جیاجیاکان بەردەوامە و ئەمجارەش دووسایدی منارە و لەنگەی نوێ و هەروەها شەقامی 60 مەتریی گرتەوە.
شارەوانیی هەولێر، هەریەکەو لە سنووری خۆی راوەستانیان نییە و بەردەوامن لە بەدواداچوونی رێکخستنەوەی بازاڕ و شەقامەکان، ئەوەتا بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی چوار، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵسان بە لادانی چەندین زێدەڕۆیی لەسەر شۆستە و شەقامەکانی دووسایدی منارە و بازاڕی لەنگەی نوێ و شەقامی 60 مەتری، نزیک بازاڕی ئیسکان .
لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتەکەیان بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە مەبەستی جوانکردنی سیمای شار و لابردنی زێدەڕۆییەکانە.
هاوکات بەشێکی ئەم رێکخستانەوەی بازاڕەکانی هەولێر، هۆشدارییدانە بە دوکاندار و کاسبکاران لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە، بە تایبەتی بەرەو وەرزی هاوین دەچین.