وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بۆ لەمەودوا بارهەڵگری ژمارە کاتی بۆی نییە لە 4 تۆن زیاتر باربکات
وەزارەتی ناوخۆ:
“بارهەڵگری ژمارە کاتی بۆی نییە لە 4 تۆن زیاتر باربکات”
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێکی لەبارە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بیناسازی دەرکرد و دەڵێت، لە سبەینێوە بارهەڵگری ژمارە کاتی بۆی نییە لە 4 تۆن زیاتر باربکات.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە ئاگادارییەکدا بو شۆفێرانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بیناسازی دەڵێت، “لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ و بە مەبەستی رێگریکردن لە کارەساتی نەخوازراو، لە رۆژی 28.4.2026 بەدواوە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بیناسازی لە چوار تۆن زیاتر قەدەغەیە بە ژمارەی کاتی، کاری گواستنەوەی بار بکات تا ئەو کاتەی ژمارە کاتییەکەی تۆمار دەکرێت و ژمارە و تابلۆی تایبەت بەخۆی وەردەگرێت”.
هاوکات ئەو بارهەڵگرانەش کە تۆمارکراون، دەبێ بە دروستی و لە کاتی خۆی پشکنینی ساڵانە بۆ دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بارهەڵگرەکەدا دەگیرێت و سزای دارایی قورس بەسەریان دەسەپێندرێت.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و مەفرەزەکانیان رادەسپێرین کە کاری پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 26.4.2026 لە شەقامی دەروازە نزیک سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، میکسەرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و خۆی بەچەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا، جگە لە گیانلەدەستدان و بریندرابوونی نزیکەی 30 هاوڵاتی، 36 ئۆتۆمبێلێش داغان بوون و زیانی ماددی زۆریان بەرکەوت.