خاوه‌ن هۆڵێكی له‌شجوانى دهۆك ده‌درێته‌ دادگا

964+                                 

هێژین فه‌تاح – دهۆك

ژماره‌یه‌ك هاوڵاتى دهۆك به ‌نیازن سكاڵا له‌سه‌ر خاوه‌ن هۆڵێكی له‌شجوانى تۆمار بكه‌ن، چونكه‌ ده‌ڵێن، هۆڵه‌كه‌ى داخستووه ‌و پاره‌ى ئه‌وانیشی خواردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ پاره‌ى به‌شداربوونیان بۆ ماوه‌ى ساڵێك به‌و هۆڵه‌ داوه‌ كه‌ وه‌رزشی جیاجیاى لێ ئه‌نجامبده‌ن، كه‌چی له ‌ئێستادا ئه‌و هۆڵه‌ كاره‌كانى وه‌ستاندووه‌.

رۆژ موسا، یه‌كێك له‌و به‌شداربووانه‌ى ئه‌م هۆڵه‌یه‌ و پاره‌ى لای خاوه‌نه‌كه‌یه‌تى‌، بۆ 964، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان نزیكه‌ى 20 كه‌س ده‌بن كه‌ هاوبه‌شیان له‌م هۆڵه‌ كردووه‌، ده‌ڵێت “پاره‌ى ساڵێكمان داوه‌، كه‌چی ئێستا ئه‌و هۆڵه‌ كاره‌كانى وه‌ستاندووه‌و خاوه‌نه‌شی موبایلی داخراوه‌‌”.

به‌شه‌كانى ئه‌و هۆڵه‌ى له‌شجوانیی بریتین له‌ وه‌رزش و ساونا و مه‌له‌وانگه‌ و كیم بۆكس، رۆژ ده‌شلێت “ئه‌م هۆڵه‌ ماوه‌ى ساڵێك ده‌بێت كراوه‌ته‌وه، به‌م دواییانه‌ش چه‌ند ئۆفه‌رێكی راگه‌یاند بۆ سێ مانگ و شه‌ش مانگ و ساڵێك، بڕى پاره‌ى ئه‌و ئۆفه‌رانه‌ش له‌ 400 دۆلار و 600 دۆلار وهه‌زار و 200 دۆلار بووه‌”.

رۆژ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بڕیاریان داوه‌ له‌ دادگا سكاڵا له‌سه‌ر خاوه‌نى هۆڵه‌كه‌ تۆمار بكه‌ن تا مافه‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وتیشی “كه‌ى كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌ركرا ده‌كرێ سكاڵاكانمان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌”.

به‌قسه‌ى رۆژ، جگه‌ له‌و 20 كه‌سه‌، زیاتر له‌ 100 كه‌سی تریش وه‌ك هاوبه‌ش سه‌ردانى ئه‌و هۆڵه‌یان كردووه‌، وتیشی “جگه‌ له‌ پاره‌ى ئێمه‌ پاره‌ى ئه‌و كارمه‌ندانه‌شی نه‌داوه‌ كه‌ له‌ هۆڵه‌كه‌ كارده‌كه‌ن”.

ناوبراو به‌ پێویستى نه‌زانى ناوى هۆڵه‌كه‌ بهێنن به‌هۆى نه‌زڕاندنى ناویه‌وه‌، به‌ڵام باسیان له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ لقێكی ئه‌و هۆڵه‌ له‌ شاری هه‌ولێریش هه‌یه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن