رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا

تەرمی ئەو مێردمنداڵەی لە پۆندی کەسنەزان خنکا دۆزرایەوە

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

تەرمی ئەو مێردمنداڵەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پۆندی کەسنەزانی هەولێر خنکا دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی کرا.

شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا تیمەکانمان تەرمی ئەو مێردمنداڵەیان دۆزیوەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21.8.2026 لە پۆندی کەسنەزان خنکا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و دوای توێکاری رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21.8.2026 مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی یوسف هادی لەکاتی مەلەکردن لەناو ئاوی پۆندی کەسنەزان خنکا، جگە لەو مێردمنداڵە، هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گەنجی بەنەتەوە عەرەب کە ئامۆزای یەکترن، لە ئاوی زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 20 هاوڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، کە پێنجیان لەناو ئاوی پۆند و بەنداوەکان خنکاون و 15 کەسی دیکەش لە چەم و رووبارەکان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری