لەگەڵ دوو ئامێری دیکە خرانەکار
دوو ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە بۆ هەڵەبجە دابینکران
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوو ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە لەلایەن سێ رێکخراوی خێرخوازییەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینکران و لەگەڵ دوو ئامێری دیکە کە لەلایەن تەندروستی هەڵەبجەوە دابینکرابوون، خرانەکار.
د. سەنگەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “لە پارێزگای هەڵەبجە 135 نەخۆشی گورچیلەمان هەیە، کە لەو ژمارەیە 25 نەخۆش پێویستیان بە شوشتنەوەی گورچیلە هەیە، راستە ژمارەکە کەم دەردەکەوێت بەڵام ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە ئامێری نوێ هەیە بۆ ئەوەی سوود لەو شوشتنەوەیە وەربگرن، بەم ئامێرە نوێیانە تا رادەیەکی زۆر کێشەی ئەو نەخۆشانە چارەسەر دەبێت”.
بەقسەی دکتۆر سەنگەر، چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەنتەرەکە دانپێدانانیەتی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە، چونکە بەو ناساندنە فەرمییە بەردەوام پشتگیری ئەو ئامێرانە دەکرێت و هەر چارەسەر و پێویستییەک هەبێت بۆ سەنتەرەکە، بۆی دابیندەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری