پێتان دەڵێت چۆن کەنگر دەناسیتەوە
ئەمەل لەگەڵ باوکى لە شاخە؛ هەم پەیامنێرە و هەم کەنگر دەکات
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
ئەگەر تەنیا لە بازاڕ یان سەر سفرە “کەنگر”ت بینیوە، ئەوا پەیامنێری 964 دەتباتە ناو جەرگەی شاخ تا فێری شێوازی کەنگرکردن و ناسینەوەی ئەم گیا بەهارییە بەتامەت بکات.
کەنگر لە ناوچە شاخاوییەکان و لەناو بەردەڵاندا دەڕوێت، رەنگەکەی سەوزێکی گەشە و بە دڕکێکی زۆر دەورەدراوە. باشترین جۆری کەنگر ئەو جۆرەیە کە هێشتا نەپیر بووە و ئەو بەشەی لە ژێر خاکەکەدایە سپی و ناسکە.
ئەمڕۆ، ئەمەل ناجى پەیامنێرى 964 و باوکى، چونەتە یەکێک لە شاخەکانى سنوورى هەڵەبجە و سەرقاڵى کەنگر کردنن، وەک ئەوەى ئەمەل باسى دەکات، پێویستە کەسى کەنگرکەر ئەم پێداویستیانەى پێبێت:
پشک و بێڵ (کۆپیل): بۆ هەڵکەندنی بنەکەی کەنگرەکە لە ناو خاک.
چەقۆ: بۆ لێکردنەوەی دڕکە بێزارکەرەکان و پاککردنی سەرەکەی.
چارۆکە: بۆ ئەوەی کەنگرە کۆکراوەکانی تێدا کۆبکەیتەوە و بە ئاسانی هەڵیبگریت.
جلوبەرگ و پێڵاوی توندوتۆڵ: شاخ پێویستی بە پێڵاوی شاخەوانی و جلی کوردی یان جلێکی ئەستوور هەیە تا لە دڕک و تاشەبەردەکان بپارێزێت.
هەرچەندە کەنگرکردن دەست و قاچ ماندوو دەکات، بەڵام بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیانی کوردستان، چوون بۆ کەنگر تەنیا بۆ تامی خواردنەکە نییە، بەڵکو گەشتێکی بەهارییە بۆ ناو دڵی سروشت و چێژوەرگرتن لە هەوای پاکی چیاکانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح