ترەمپ و پوتين
کەی؟
سەرۆکی رووسیا دەچێتە ئەمریکا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا “کرێملین” رایگەیاند، رەنگە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بەشداریی لووتکەی G20 بکات کە بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری مەیامیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ بانگهێشتی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە بەرزترین ئاستدا پێگەیشت.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین دووپاتیکردەوە رووسیا نوێنەرایەتییەکی گونجاوی دەبێت لە لووتکەکەدا، جا پوتین بە شێوەیەکی شەخسی بەشداریی بکات یان نوێنەرێک بنێرێت، جەختیشی لەسەر گرنگی لووتکەکە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی قەیرانە جیهانییەکان کردووەتەوە.
ئەم بانگهێشتە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە ئامادەبوونی پوتینی لە لووتکەکە بە “بەسوود” وەسف کرد و رایگەیاند، دوورخستنەوەی رووسیا لە گرووپی هەشت هەڵەیەک بووە.
پوتین لە ساڵی 2019ەوە بەشداریی لە لووتکەکانی G20 نەکردووە بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و دواتر شەڕی ئۆکرانیا، کە قەیرانێکی بێ وێنەی لەگەڵ رۆژئاوای لێکەوتەوە.
لای خۆیەوە ئەلێکساندەر پانکین جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا روونی کردەوە کە مۆسکۆ بانگهێشتنامەیەکی وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لە بەرزترین ئاستدا.
کرێملین جەختی لەوەش کردەوە کە گرووپی حەوت پەیوەندی بە رووسیا نەماوە، لە کاتێکدا لوتکەی حەوت بە لای رووسیاوە بایەخی نەماوە، بەڵام لووتکەی G20ی بە سەکۆیەکی سەرەکی بۆ گفتوگۆی کێشە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.