گەڕی دووەمی دانوستان دەکرێت یان نا؟

“ئەگەر دی ڤانس ئامادەبێت قالیباقیش ئامادە دەبێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

هەواڵەکان جۆراوجۆر و دژبەیەکن لە بارەی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان و هێشتا هیچ شتێک یەکلاکەرەوە نییە.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گواستییەوە، ئەگەر جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان ئامادەبێت، ئەوا محەمەد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش ئامادە دەبێت.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تارانەوە بە رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریکی راگەیاندووە، تاران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە، ئەمڕۆ شاندێک بۆ دانوستانەکان دەنێرنە ئیسلامئاباد.

دوێنی میدیاکان بڵاویانکردەوە، شاندی ئەمریکا گەیشتنە پاکستان بۆ ئەنجامدانی دانوستان، بەڵام ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئێکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، ئەمڕۆ جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان.

ئەوەی دەبینرێت و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئێرانییەکان گەرموگوڕ نین بۆ دانوستان و پێدەچێت لە ناوخۆی وڵاتەکەشدا بیروڕاکان سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستانەکان هاوڕانین.

ئێران هێشتا رازیی نییە خولی دووەمی دانوستان ئەنجام بدا...

ئێران هێشتا رازیی نییە خولی دووەمی دانوستان ئەنجام بدات

هاوکات دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیە خۆی بچێتە پاکستان و چاوی بە بەرپرسە باڵاکانی ئێران بکەوێت، ئەگەر پێشکەوتنێک لە دانوستانەکان لەئارادابێت.

سبەی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران تەواو دەبێت و هێشتا هەموو ئەگەرەکان کراوەن و دوور نییە شەڕیش رووبداتەوە، بەڵام هەوڵی پاکستان و وڵاتانی دیکە و تەنانەت ئەمریکاش ئەوەیە دانوستان بەردەوام بێت و بگەنە رێککەوتن.

لە 28ی شوباتی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕیان لەگەڵ ئێران دەستپێکرد و 40 رۆژ بەردەوام بوو، تا لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەست بۆ دوو هەفتە راگەیاندرا بە ئامانجی دانوستان و رێککەوتن.