مەترسیدارترین دۆسییە لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە

بێسەروشوێنبوون و کوشتنی 10 زانای ئەتۆمی و ژەنەڕاڵی سەربازی

فەرهاد حەسەن

لە گەرمەی بەڕێوەچوونی دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریكا، مەترسیدارترین دۆسیە وروژێندراوە، ئەویش بێسەروشوێنبوون و گیانلەدەستدانی کتوپڕی 10 زانای ئەتۆمی و ژەنەڕاڵی باڵای سوپای ئەمریکایە لە ماوەیەکی کورتدا.

سەرەتا با ناوی كەسایەتییەكانتان پێبڵێم:

ئەوانەی بێسەروشوێن بریتین لە:

ژەنەڕاڵ ویلیام نێڵ ماکسلاند:

ژەنەڕاڵی خانەنشینی هێزی ئاسمانی ئەمریكا، لە مانگی  شوباتی 2026 بێسەروشوێن بووە.

مۆنیکا خاسینتۆ رێزا:

ئەندازیاری ئەتۆمی، شارەزا لە پەرەپێدانی بزوێنەری مووشەکی سوپای ئەمریکا. لە مانگی حوزەیرانی 2025 بێسەروشوێن بووە.

ستیڤن گارسیا:

بەڵێندەری ئەتۆمی و توێژەر لە بواری ئەتۆمیدا، لە مانگی ئابی 2025 بێسەروشوێن بووە.

مێلیسیا کاسیاس:

فەرمانبەر لە تاقیگەی نیشتمانیی لۆس ئالامۆس (نیو مەکسیکۆ)، لە مانگی حوزەیرانی 2025 بێسەروشوێن بووە.

ئەنتۆنیۆ شافێز:

بەڵێندەر لە هەمان ناوەندی ئەتۆمی لە نیو مەکسیکۆ، لە مانگی  ئایاری 2025 بێسەروشوێن بووە.

ئەوانەشی كوژراون و گیانیان لەدەستداوە بریتین لە :

نۆنۆ لۆرێرۆ:

فیزیازانی ئەتۆمی لە پەیمانگای MIT لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 کوژراوە.

کارڵ گریل مایەر:

زانای گەردوونناسی، لە مانگی شوباتی 2026 گیانی لەدەستداوە.

جەیسن تۆماس:

زانای دەرمان و کیمیا، لە مانگی ئازاری 2026 گیانی لەدەستداوە.

فرانک میوالد:

ئەندازیاری ئاژانسی ناسا، لە مانگی تەمموزی 2024 کوژراوە.

مایکل دەیڤد هێکس:

زانای ئاژانسی ناسا، لە مانگی  تەمموزی 2023 گیانی لەدەستداوە.

وەكو تێبینی دەكرێت، زۆربەی ئەم کەسانە لە بوارە هەرە هەستیارەکانی وەک وزەی ئەتۆمی، بزوێنەری مووشەک، چەکی بایۆلۆژی و چاودێریی ئاسمانی و گەردوونناسی کاریان کردووە. هەروەها زۆربەیان پەیوەندییان بە ویلایەتی “نیو مەکسیکۆ” و بنکەی ئاسمانی “کێرتلاند” و ناوەندی “کێنسس”ـەوە هەبووە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەم رووداوەی بە “بوومەلەرزەیەک لە ناو ئەمریکا” وەسف کردووە، بۆیە هەر زوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە هاتەسەرخەت و وتی “هیوادارم ئەمە تەنیا رێکەوت بێت، بەڵام لە ماوەی هەفتەیەک و نیوی داهاتوودا راستییەکان دەزانین” وتبووشی “من تازە لە کۆبوونەوەیەکی جدی لەسەر ئەم بابەتە هاتمە دەرەوە، بابەتەکە زۆر مەترسیدارە و هەندێک لەو کەسانە کەسایەتی زۆر گرنگ بوون” و  کۆشکی سپیش بۆ ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی توندی دەستپێکردووە.

میدیاكانی ئەمریكا كە شیكردنەوەی سیاسییان بۆ ئەم دۆسییەیە كردووە دەڵێن، ئەمە وەک “جەنگێکی هەواڵگریی بێدەنگ” دەردەکەوێت بۆ لەناوبردنی مێشکە گەورەکانی ئەمریکا، ترەمپیش ئەمەی بە “جەنگی دەروونی” ناوبردووە، لە ناوخۆی ئێرانیشدا ئەم دۆسییەیە دەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕانە باسكراوە بۆ نموونە وتویانە ئەمە “جەنگی جێفری ئێپستاین”ە وەک ئاماژەیەک بۆ ئاشکرابوونی نهێنییەکانی ناو ئەمریكا.

تاوەكو ئێستا ئەوەی لەسەر ئەم دۆسییەیە بڵاوكرابێتەوە، كەس نازانێت كێ لەپشت بێسەروشوێنبوون و كوشتنی ئەو كەسایەتیانەیە، بەڵام پرسیارێکی گەورە و جدی لەسەر توانای ئەمنی و هەواڵگریی ئەمریکا دەزگاكانی CIA  و FBI دروست کردووە، چونكە دەڵێن هەرچەندە ئەمە زیانێکی راستەوخۆی سەربازی نییە لە مەیدانی جەنگدا، بەڵام گەورەترین گورزە لە متمانە و شکۆی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ، چونكە ناكرێت، لە ناو خاکی ئەمریکادا کەسانێکی ئاوا گرنگ بێسەروشوێن ببن یاخود بکوژرێن؟

لە ناوخۆی ئەمریكادا، پەنجەی تۆمەت بۆ هەریەك لە ئێران و چین درێژ دەکرێت، کەچی بەهیچ شێوەیەك باسی رووسیا نەکراوە، بەڵام “ئەبرام ئەبولافیا” زانای ئەمریکی- ئیسرائیلی داوای کردووە، پەلە نەکرێت لە بەستنەوەی ئەم کەیسانە بەیەکەوە، چونكە ئەو پێیوایە خاڵە هاوبەشەکان کەمترن لەوەی بگوترێت هەموویان یەک سەرچاوەیان هەیە و دەبێت هەر رووداوێک لە چوارچێوەی خۆیدا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا بەڵگەی روون نییە لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان بێسەروشوێنبوونی ئەو زانایانەدا.

ئێستا ئەم دۆسیەیە، دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ناوەندە ئەمنی و زانستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروستكردووە و خەریكە جەنگەكەی ئێران لە بیر و هۆشی ئەمریكییەكان دەباتەوە، چونكە پرسیاری ئەوە دەكرێت كە بۆچی ئەو كەسایەتییە گرنگانەی ئەمریكا كراونەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی تاوەكو ئێستا دەزگا ئەمنی و هەواڵگیرییەكانی ئەو وڵاتە یەك قسەشی لەسەر بكەن.

مقۆمقۆی ئەم بابەتە زۆر قووڵە، هەرچەندە هەندێ لە میدیا ئەمەریکییەکان ئەم دۆسێیانە پێکەوە گرێ دەدەنەوە، بەڵام ئەمە هەر وەک گریمانە ماوەتەوە، چونکە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە ئەم چیرۆکانە پێکەوە گرێدرابن، چەند سەرچاوەیەکی دیکە هەر لە ئەمەریکاوا دەڵێن ئەوەی دەوترێت هەمووی لە چواچێوەی بیردۆزی پلانگێڕییە، ئەگەرنا ئەم کەسانە نە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیەو نە راستەوخۆ لە ناو دۆسێی ئەتۆمدان.