"بیرەکان تازەن"
ئاوی خواردنەوەی گەڕەکێکی کفری قوڕاو دەھێنێت
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی گەڕەکی “ئەوبەر” لە قەزای کفری، بەیانیان لەبری ئاوی پاک، قوڕاو لە بەلوعەکانیان دێتە دەرەوە، بەڕێوەبەری ئاوی شارەکەش دەڵێت، “کێشەکە کاتییە و پەیوەندی بە تازەیی بیرەکانەوە هەیە”.
هەڵمەت عەبدولعەزیز، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و ڤیدیۆیەکی بۆ 964 ناردووە کە تێیدا ئاوێکی رەنگ قاوەیی تۆخ دەردەکەوێت. ئەو دەڵێت: “هەموو بەیانییەک کە ئاو دەکرێتەوە، دەبێت کاتژمێرێک بە فیڕۆی بدەین تا ئاوەکە روون دەبێتەوە”.
بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکە، قوڕ و لیتە لە بۆرى ئاوەکە دێتە دەرەوە و شیاوى خواردنەوە نییە.
ئەو هاوڵاتییە نیگەرانە لە کوالێتی ئاوەکە و دەڵێت: “ئاو دەبێت بێ ڕەنگ و تام و بۆن بێت، ئەمەی ئێمە هەرکەس بیخواتەوە گورچیلەکانی لەدەست دەدات”.
حەمید رەشید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کفری، بوونی کێشەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی: “راستە نزیکەی کاتژمێرێک ئاوەکە قوڕاوە، بەڵام دواتر روون دەبێتەوە و کێشەی نامێنێت”.
بەڕێوەبەری ئاو هۆکاری دروستبوونی ئەو ئاوەى بۆ تازەیى بیرى گەڕەکەکە گەڕاندەوە، جگە لەوە وتیشى،”بەهۆى زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزبووەتەوە و زیخ و قوڕی بنی بیرەکانی هێناوەتە سەرەوە”.
حەمید ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا ئەو گەڕەکە نییە و ساڵی رابردوو پێنج بیری تازەیان لێداوە، هەر گەڕەکێکیش ئاوی لەسەر ئەو بیرانە بێت، لە سەرەتادا هەمان کێشەی دەبێت و “بەپێی کات خۆی چارەسەر دەبێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح