کۆنفرانسێک رێکدەخەن

فەڕەنسا و بەریتانیا بەیەکەوە هەنگاو بۆ كردنەوەی تەنگەی هورمز دەنێن

فەرهاد حەسەن

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت، بەمزوانە و بە هاوکاری لەگەڵ بەریتانیا، کۆنفرانسێک رێکدەخات بە ئامانجی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بۆ تەنگەی هورمز و دەشڵێت ئەو هەنگاوەی دەیانەوێت بینێن جیاوازە لەو كارەی کە لایەنە شەڕەكەرەکان دەیکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ئەمڕۆ دوشەممە لە پەیامێكدا لە تۆڕی X بڵاویكردەوە، نابێت درێغی لە هیچ هەوڵێک بکرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بگەنە چارەسەرێکی بەهێز و هەمیشەیی بۆ ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە چارەسەرێکی لەو شێوەیە چوارچێوەیەکی تۆکمە بۆ ناوچەکە دابینبکات کە ڕێگە بدات هەمووان لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت هەموو کێشە بنەڕەتییەکان لە رێگەی چارەسەرێكی بەردەوامەوە چارەسەر بکرێن، چ سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران، یاود کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا، هەروەها پێویستی گەڕاندنەوەی هاتوچۆی دەریایی ئازاد و بێبەربەست لە تەنگەی هورمز لە زووترین کاتدا.

:پێویستە دڵنیابونەوەش هەبێت کە لوبنان دەگەڕێتەوە سەر رێڕەوی ئاشتی بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی و فەڕەنسا ئامادەیە رۆڵی تەواوی خۆی بگێڕێت، وەک چۆن لە یەکەم رۆژی ململانێکانەوە بەردەوام هەوڵی بۆ داوە”، ئەمەش قسەی ماکرۆنە…

لەبارەی گەروی هورمزیشەوە ماكرۆن نووسیویەتی، لە رۆژانی داهاتودا لەگەڵ شانشینی یەکگرتو (بەریتانیا)، کۆنفرانسێک لەگەڵ ئەو وڵاتانە رێکدەخەن کە ئامادەن لەگەڵیاندا بەشداری بکەن لە ئەرکێکی ئاشتییانەی فرەنەتەوەیی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەکەدا.

پێشرتیش کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە کەناڵی (بی بی سی)ی رایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانیی گەمارۆخستنە سەر تەنگەی هورمز و بەندەرەکانی ئێران ناکەن، چونکە پێیوایە گەمارۆخستنە سەر ئەو گەروە پێچەوانەی ویستی ئەوانە و تەنیا بە کردنەوەی هورمز دەتوانن نرخی وزە دابەزێنن و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن، وتیشی، وڵاتەکەی ناچێتە ناو جەنگی ئێرانەوە هەرچەندە فشارەکان زۆر بن، هەروەها پشتگیری کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزیش ناکات.