لە پێناو پاراستنی تەلارسازی کوردی
شارەوانییەکانی هەڵەبجە رێنمایی مۆڵەتی دروستکردنی بینای بۆ ناوچەی هەورامان دەرکرد
فەرهاد حەسەن
شارەوانیەکانی پارێزگای هەڵەبجە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە رێنمایی دروستکردنی بینا لە ناوچەی هەورامان دەرکرد و مەرجە سەرەکییەکەشی ئەوەیە کە تەلارسازی کوردی پارێزراو بێت.
بەسەرپەرشی ئەندازیار خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و هەریەک لە بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی بەشی پلاندانان و ژمارەیەک لە ئەندازیاران لە نەخشەدانانی ئاوەدانی هەڵەبجە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم بابەتە بەڕێوەچوو.
بەپێی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، کاری بۆ دەرکردنی رێنمایی و ئامادەکارییەکان بۆ مۆڵەتی دروستکردنی بینا لە سنوری ناوچەی هەورامان بەتایبەت شارەدێی تەوێڵە و بیارە کراوە، بەتایبەتیش لە پێناو پاراستنی تەلارسازی کوردی ناوچەکە، بەجۆرێک کە سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت.
کارئاسانی دەکرێت بۆ هاوڵاتیانی سنورەکە لە کاتی بنیاتنانی هەر پڕۆژە و باڵەخانەیەک لەو ناوچەیە، هەروەها ڕێنمایی تایبەت لەبارەی دروستکردنی بینای بازرگانی و ناوچە نیشتەجێکان و دروستکردنی مزگەوت و شەقام و پیادەڕۆکان و چۆنیەتی مۆڵەت پێدانیان بەپێی ڕێنماییەکان.
شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەڵێت، ئامانجی کۆتایی و پلانی کارکردن لەم ڕوانگەیەوە، ناساندنی میللەتی کورد و ناوچەکەیانە بە جیهان لە ڕێگەی جوانی سروشت و ژینگە و ژیان، ئەدەب و کلتور و ڕەفتار، لەپێناو و پارێزگاری لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.