دنیا لە ئەنتاڵیا کۆبووەتەوە

سەرۆکی هەرێم 10 جار لەسەر یەک: تەنیا ئاشتی چارەسەرە

ژووری هەواڵ
سێ رۆژ لەسەر یەک نوێنەرانی 150 وڵاتی دنیا کۆدەبنەوەو گفتوگۆیانە لەسەر ئەوەی چۆن وابکەن کێشەکانی دنیا بە قسەو گفتوگۆ چارەسەر ببن، بۆنەکە پێنجەمین خولی کۆڕبەندی دیبلۆماسی ئەنتاڵیایە.

کۆڕبەندەکە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی نێودەوڵەتییە کە سەرکردەی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە، دیپلۆماتکاران، ئەکادیمیستان و رۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهانەوە تێیدا کۆدەبنەوە، بۆ ئەمساڵ 20 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، 40 وەزیری دەرەوە، نزیکەی 5 هەزار قەرار بەدەست و ئەکادیمی لەو وڵاتانەوە بەشدارن، یەکێک لە میوانە شوێن دیارەکان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەم دوو رۆژە سەروو 10کۆبوونەوەی گرنگی کردووە، لە هەموویاندا وتوویەتی تەنیا ئاشتی چارەسەرە.

لەگەڵ خانەخوێ: هاوکاری زیاتر
بەپێی راگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەمڕۆو دوێنێ (16و17ی نیسان)، نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆی کاریگەری کردووە، دواهەمینیان ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا.

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان کردووە دەربارەی بەهێزکردنی هاریکاریی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ”سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆک ئەردۆغانی کرد بۆ سەرکردایەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسايش و ئاراميى ناوچەکە”.

ئەردۆگان خانەخوێیەو ئەو سەرپەرشتی کۆڕبەندەکە دەکات، میوانەکانیش لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوە بانگکراون، فیدانیش لەو کۆبوونەوەیە بەشداربوو.

ئەم دیدارە میدیاکانی جیهانیش چاویان لەسەری بوو، چونکە ئەم ماوەیە بۆرییە نەوتەکەی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان زۆر قسەی لەبارەوە کراو لەگەڵ داخستنی تەنگەی هورمز فریای عێراق کەوت.

لە هەموو شتێک پێویستتر.. گفتوگۆ
کۆڕبەندەکەی ئەمساڵ ناونراوە (نەخشاندنی سبەینێ، بەڕێوەبردنی دۆخە نادیارەکان)، رەنگە هیچ کاتێکش بە قەد ئێستا ناوچەکە دۆخی نادیار نەبێت و پێویستی بە گفتوگۆ نەبێت.

بەپێی ئەو وێنانەش کە بڵاوکرانەوە دوێنێ سەرۆکی هەرێم لە پەراوێزی دیدارەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لەگەڵ تەمیم بن حەمەدی میری قەتەرو ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا و چەند میوانێکی دیکەی قسەرۆیشتوو وەستابوو پێکەوە گفتوگۆیان دەکرد.

لە دەرودراوسێ بۆ ئەوپەڕی دنیا
سەرۆکایەتی هەرێم چالاکییەکانی ئەم دوو رۆژەی سەرۆکی هەرێمی بەیانکردووە، کۆبوونەوەکان ئەم وڵاتانەی دەوروبەری خۆمانی تێدا بووە هەتا وڵاتە کاریگەرەکان ئەوروپاو نوێنەرە گوێلێگیراوەکەی ترەمپیش.

رۆژی هەینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دوو قۆڵی کۆبوونەوە، سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت: ”سه‌رۆك ئه‌لشه‌رع سوپاسى هه‌وڵه‌كان و رۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌ركردايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ په‌رۆشى و هاوكارى و پشتگيرييان له‌ ئاشتى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان”.

لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا قسەو باسیان لەسەر پەیوەندی هەرێم و ئەمەریکا بووە، لەگەڵ دۆخی سوریا و رەوشی رۆژئاوای کوردستان مەسەلەی ئاشتی لە ناوچەکە.

ئینجا لەوێوە بۆ دراوسێکەی رۆژهەڵات، سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوەو هەردوولا وتویانە ئاگربەست و دووبارەنەبوونەوەی شەڕ کارێکی باشە، باسی ئەوەشیان کردووە کە چۆن پەیوەندی دوو لایەنە باشتر بکەن.

لەگەڵ ئەستێرەی راگرتنی شەڕەکە
ئەم ماوەیە شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان زۆر ناوی دەهات، ئەو پاڵەوانی راگرتنی شەڕەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوو، نێچیرڤان بارزانی شەریفی بینیوەو سوپاسی کردووە کە هۆکار بووە بۆ ئاگربەست و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕەکە.

هامیش فالکۆنەر وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست،  لوئیجی دی مایۆ نوێنەری تایبەتی یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری کەنداو، ئەیمەن ئەلسەفەدی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئوردنی هاشمی، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیاو ئەحمەد ئەبوولغەیت سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەو کەسە دیارانە بوون کە سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوەی لەگەڵ کردوون، لە هەموو دیدارەکانیش باسی ”هێوربوونەوەی دۆخەکەو ئاشتی و چارەسەری دیبلۆماسی” کراوە.

کۆڕبەندەکەی ئەنتاڵیا سێ رۆژە 17 هەتا 19ی نیسانی 2026، بەم حاڵە سبەی تەواو دەبێت، یەکێک لە بایەخە گەورەکانی ئەم کۆڕبەندە، ئەو کۆبوونەوە دووقۆڵیانەیە کە لە پەراوێزی پانێڵەکاندا لە نێوان نەیارە سیاسییەکان یان هاوپەیمانەکاندا ئەنجام دەدرێن.