سەرۆک وەزیرانی بریتانیا
“پشتگیری گەمارۆدانی تەنگەی هورمز ناكەین و ناشچینە جەنگەکەوە”
964+
فەرهاد حەسەن
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بە تۆڕی “بی بی سی” راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی گەمارۆ خستنەسەر تەنگەی هورمز و بەندەرەکانی ئێران ناکەن و ناشچنە ناو جەنگەکەوە، چونکە دەڵێت ” گەمارۆخستنە سەر تەنگەی هورمز پێچەوانەی ویستی ئێمەیە و تەنیا بە کردنەوەی هورمز دەتوانن نرخی وزە دابەزێنن و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن”.
جەختیکردەوە کە دوبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز کارێکی زۆر گرنگە و پێیوایە كە پێویستە بە تەواوی بکرێتەوە، ئەوەش ئەو بابەتەیە کە لە ماوەی رابردودا هەوڵەکانیان لەسەری چڕکردوەتەوە و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا گەمارۆیەکی “گشتگیر” دەخاتە سەر تەنگەی هورمز و جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئارەزووی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە نیشانداوە.
لایخۆشییەوە، هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، جگە لە کەشتییەکانی دوژمن، هەموو کەشیتییەکانی دیکە بە پابەندبوون بە رێکارە راگەیەندراوەکانی ئێران، دەتوانن لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕن و هۆشداریش دەدات كە ئەگەر، “ئاسایشی بەندەرەکانیان پارێزراو نەبێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداو و دەریای عومان پارێزراو نابێت”.