هه‌ولێر
“پێنجه‌م جاره درۆن گه‌ڕه‌كی كارێزان ده‌كه‌وێت”
964+
ئه‌حمه‌د شه‌مزین
ئه‌م به‌یانییه هاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی كارێزان به ده‌نگێكی زۆر به‌رزی ته‌قینه‌وه به‌خه‌به‌رهاتن، ده‌ركه‌وت درۆنێك به‌ر ماڵێك كه‌وتووه و زیانی به چه‌ند ماڵێكی دیكه‌ش گه‌یاندووه.
گه‌ڕه‌كی كارێزان گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژارنشینی هه‌ولێره و ده‌كه‌وێته رێگه‌ی بنه‌سڵاوه، نە بارەگا و نە کونسوڵخانە و نە هیچ فەرمانگەیەکی حکومەتیی تێدا نییە، ئەو ماڵەشی بووەتە ئامانج، دایه حاجییه‌كی لێ بووه و به ته‌نیا بووه، به‌ڵام ئه‌مشه‌و له ماڵ نه‌بووه و درۆنیش ئه‌م به‌یانییه ماڵه‌كه‌ی لێ وێران كرد، كه سه‌قف و ستاره‌ی رووخاندووه و شووشه و په‌نجه‌ره و به‌شه‌كانی دیكه‌شی تێكشكاندووه.
محه‌مه‌د میكائیل كوڕی ئه‌و دایه حاجییه‌یه، كه له ماڵه‌كه‌دا ده‌ژیت و به 964ی وت، دایكی شه‌وان له ماڵه‌كه نامێنێته‌وه و ده‌چێته لای كوڕ و كچه‌كانی، بۆیه سه‌لامه‌ت بووه.
وتیشی، ئه‌مه پێنجه‌م جاره درۆن به‌ر گه‌ڕه‌كی كارێزان ده‌كه‌وێت و مه‌ترسی زۆری دروست كردووه.
هێرشی درۆنی گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ی عێراقی، كه سه‌ر به ئێرانن، شه‌وانه و به رۆژیش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تی شاری هه‌ولێر به‌رده‌وامه و هاوڵاتی و گه‌ڕه‌ك و كۆمپانیای بازرگانی و هه‌موو شتێك ده‌كه‌نه ئامانج.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا