مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەرە - وێنە: KRG
پەیوەندی تەلەفۆنی کراوە
قەتەر و هەرێم: پێویستە عێراق گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات
964+
ئەحمەد مستەفا
“سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەڕ و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە”.
ئەمە راگەیەندراوی پەیوەندی تەلەفۆنی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەرە.
حکومەتی هەرێم دەڵێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.4.2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و قەتەڕ و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرای راگەیەندراوەکە، “هەردوولا هاوڕابوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچا بگیرێن”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، “سەرۆکی حکومەت، هاوسۆزی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەڕ دووپات کردەوە، هەردوولا کۆک بوون لە سەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان”.