زۆربەیان مۆدێل بەرزن

بەنزینى خراپ بووەتە مۆتەکەى مەکینەى ئۆتۆمبێلەکان


دیلان محەمەد- سلێمانى

بەنزین نەک هەر نرخەکەى بەرزە، بەڵکو کوالێتییەکەشى بەشێوەیەک دابەزیوە کە بووەتە بەڵاى گیانى ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانیش، بەشێوەیەک لە سەنتەرێکى خزمەتگوزارى ئۆتۆمبێل لە شارى سلێمانى، هیچ جێگایەک نەماوە و پڕبووە لەو ئۆتۆمبێلانەى پێویستیان بە داگرتنى بزوێنەرە.
حەمەى مەلا کەلارى کە وەستا و شارەزایەکى چاککردنەوەى بزوێنەرى ئۆتۆمبێلە بە 964ـى وت،”جەرگم ژان دەکات کە دەبینم هەر ئۆتۆمبێلە و بە کرێن دەیهێنن و ئێمە لێرە مەکینەکەى بۆ دادەگرین، چونکە بەنزینى خراپ تێکیداوە”.
وەک ئەوەى ئەو وەستایە باسى دەکات، تەنیا لە 10 رۆژدا، زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلى مۆدێل بەرزەکان (2023، 2024، 2025)، بۆ سەنتەرەکەیان هێنراون و کێشە لە مەکینەکەیان دروستبووە بەهۆى بەنزینى خراپەوە.
بەنزینى خراپ و کوالێتى نزم، هۆکارى ئەم کارەساتەیە، وەک ئەوەى وەستا محەمەد ئاشکراى دەکات، بەشێک لە بەنزینخانەکان “کلاواتا” دەکەن و بە تەنەر و چەندین مادەى تر بەنزینەکەیان خراپ دەکەن.
هەرچەندە ئەو سەنتەرە یەکێکە لە سەنتەرە بەناوبانگەکان و بەردەوام پڕیەتى لەو ئۆتۆمبێلانەى کە کێشەیان لە بزوێنەردا هەیە، بەڵام بە قسەى وەستا محەمەد ئەوەى ئێستا جیاوازە، چونکە ئەمانەى ئێستا لەوێن ئۆتۆمبێلى مۆدێل بەرزن و بە ناچارى هێندراون، بەڵام ئەوانەى پێشتر شۆفێر بۆ خەلەلێکى تر هێناویەتى و کێشەیەکى بچوکى هەبووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح