چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیر کران – وێنە؛ ئاسایشی سلێمانی
"21 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و 25 هەزار حەبیان پێبووە"
چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیر کران
شۆڕش قادری
لە دوو رۆژدا چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 21 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و 25 هەزار دەنکە حەبەوە لە سلێمانی دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، هێزەکانیان لەدوو چالاکی جیاوازدا توانیویانە دەستبەسەر بڕی 25 هەزار دەنکە حەبی هۆشبەر و 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین (کریستاڵ) لە سنووری شاری سلێمانی بگرن.
چالاکییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون؛
چالاکی یەکەم؛ لە رۆژی 18.7.2026 دوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەشاری سلێمانی دەستگیرکران و دەستبەسەر بڕی 25 هەزار دەنکە حەبی هۆشبەر گیرا کە بەشێوەی قاچاغ و بەمەبەستی ساغکردنەوەیان هێنرابوونە شاری سلێمانی.
چالاکی دووەم: لە رۆژی 19.7.2026 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد توانیان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبەسەر بڕی 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین (کریستاڵ)ی وشک و شل بگرن.
لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 لەیاسای ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.