بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى بە وەکالەت
ستافی کارگێڕی سێشەممان دەوام دەکەن
بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى رێکاری نوێ بۆ خوێندنی ئۆنلاین رادەگەیەنێت
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە (سلێمانی)، کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین دەرکرد، کە تێیدا دەستەى کارگێڕى ناوەندەکانى خوێندن و سەرپەرشتیاران دەبێت سێشەممان لە ناوەندەکانى خوێندن ئامادەبن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی نەژاد عەبدوڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەتی لەسەرە، بڕیاردراوە بە:
1. دەوامی ستافی کارگێڕی:
هەموو رۆژانی سێشەممە، دەستەی کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن و سەرپەرشتیاران دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن ئامادە بن، ئەمەش بە مەبەستی رایکردنی کارە کارگێڕییەکان و هەماهەنگی بۆ پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین.
2. تۆمارکردنی وانەکان:
بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەکان بەپێی پێویست تۆمار دەکرێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو رۆژانە پەخش دەکرێن.
3. چاودێریکردنی مامۆستایان:
بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن راستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی مامۆستایان دەکەن لە خوێندنی حکومی و چاودێری ئەرکی ماڵەوەی قوتابیان دەکەن. ئەمەش لە رێگەی پلاتفۆرمی (e-Wane) یان ئەو گرووپانەی لە سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون.
4. ناوەندە پیشەییەکان:
مامۆستایانی ناوەندە پیشەییەکان ڤیدیۆی وانەکانیان تۆمار دەکەن و لە رێگەی گرووپەکانی (واتسئەپ، تێلیگرام و ڤایبەر)ـەوە دەیگەیەننە قوتابیان.
5. فیدباکی هەفتانە:
مامۆستایان پابەند کراون کە بە شێوەی هەفتانە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە فیدباک و بەرەوپێشچوونی ئاستی خوێندنی قوتابیان ئاگادار بکەنەوە.
ئەم بڕیارانە پەروەردەکانی (رۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، شارباژێڕ، شارەزوور، قەرەداغ، سەیدسادق، دوکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، پێنجوێن) دەگرێتەوە.