دوای پشکنین دەرکەوت

ئاردی بایەعی لە هەولێر بێ کێشە بووە

964+
فەهمی نەبی
لیژەنەیەک لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، پشکنینی بۆ بەشە ئاردی مانگانەی بریکارەکانی خۆراک کردووە لەهەریەکە لە شارەکانی هەولێر، کەرکوک و بەسڕە، سەبارەت بەوەی هەولێر وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: بێ کێشە بووە.

ئەو ئاردەی پشکنینی بۆ کراوە، دووەم بەشە ئاردی ئەم ساڵ بووە.

وەک لە وێنەی هاوپێچی هەواڵەکەی وەزارەتی بازرگانی هاتووە، ئەوان پشکنینان بۆ ئاردی بریکارێکی خۆراک لە کۆمەڵگەی بێتواتەی رۆژهەڵاتی شاری هەولێر کردووە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق رۆژی 12.3.2023 رایگەیاندوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، پشکنینیان بۆ ئاردی بریکارەکانی خۆراک کردووە، بە تایبەت بۆ ئەو بەشە ئاردەی هەولێر، هیچ گرفتێکی نەبووە.

پشکنینەکە رۆژی 8.3.2023 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو بەشە ئاردە بۆ دروستکردنی نان گونجاوە و بێ گرفتە، هاوکات لەگەڵ پشکنین، لیژنەکە پرسیار لە هاوڵاتیان دەکات لەبارەی باشی و خراپی کوالێتی بەشە ئاردی مانگانە.

وەزارەتی بازرگانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات بەزوویی بەشە ئاردی مانگانەیان وەربگرن، بۆ ئەوەی لای بریکارەکانی خۆراک نەمێنێتەوە و مێروو لێی بدات.

سەبارەت بە پشکنینی ئاردی هەریەکە لە کەرکوک و بەسڕە، لە هەواڵەکەی وەزارەتی بازرگانی هیچ ئەنجامێک رانەگەیەنراوە.