لە ئیستەنبوڵ

“ژمارەیەک لە بەشدارانی ئاهەنگی نەورۆز دەستگیرکراون”

ئەحمەد مستەفا

میدیاکانی باکوری کوردستان دەڵێن، لە کاتی چۆڵکردنی گۆڕەپانی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە ئیستەنبوڵ، پۆلیس چواردەوری ژمارەیەک بەشداربووی ئاهەنگەکەی گرتووە و دەستبەسەری کردوون.

ئاهەنگەکە لە گۆڕەپانی یەنیکاپیی لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبوڵ دوێنی یەکشەممە بە دروشمی “نەورۆزی ئازادیی و یەکێتیی دیموکراتیک” بەڕێوەبرا.

ئەو بەشداربووانە بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشم گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆزیان بەجێهێشتووە، لە کاتی چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لەلایەن پۆلیسەوە چواردەوری بەشداربووان گیراوە و ئۆتۆمبێلی پۆلیس گوازراونەتەوە.

ئەو میدیایانە ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، دواتر پۆلیس ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەشی دەستبەسەرکردووە و تا ئێستا ژمارەی دەستبەسەرکراوان نەزانراوە.

لە ئیستەنبوڵ نەورۆز سەرەڕای بارانبارین بە جۆشێکی جیاوازەوە بەڕێوەچوو، وتارەکان زیاتر پەیوەست بوو بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پاڵپشتی کاریەتی.