فەرمانگەی دروستکردنی کارتی نیشتمانی لە قەزای شێخان كرایه‌وه‌

964+
زەید کۆچەر – شێخان

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ قه‌زای شێخان، فەرمانگەی کارتی نیشتمانی كرایه‌وه‌، لە رووی ئیداری و رێکارە یاساییەکانه‌وه‌ سەر بە حکومەتی فیدڕالی عێراقە و زیاتر له‌ 200 هه‌زار سوودی لێوه‌رده‌گرن.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 13.3.2023 لە رێوڕه‌سمێكدا لە قەزای شێخان، فەرمانگەی کارتی نیشتمانی كرایەوە، کە بۆ هاوڵاتیانی قەزای شێخان و ناحیەی زێلکان بەردەست دەبێت.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا جێگری یەکەمی پارێزگاری موسڵ، بەڕێوه‌بەری گشتیی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی و پاسەپۆرت لە پارێزگای موسڵ، قایمقامی قەزای شێخان و بەڕێوه‌بەری پۆلیسی دهۆک  و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی دیكه‌ ئاماده‌بوون.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند، فەرمانگەكه‌ لە رووی ئیداری و رێکارە یاساییەکانه‌وه‌  سەر بە حکومەت عێراقە، چونکە قەزای شێخان یەکێکە لەم ناوچانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان حساب دەکرێت، کردنەوەی فەرمانگه‌كە سوود بە زیاتر لە 200 هەزار کەس دەگەیه‌نێت، کە بە ره‌سه‌ن و رەچەلەک خەڵکی قەزای شێخان و سنووری قەزای بەردەڕەشن.

وتیشی، فەرمانگەكە دەتوانێت سوود بەو کەسانە بگه‌یه‌نێت، کە لە سنووری قەزای شێخان ئاواره‌ن و ژمارەیان زیاترە لە 60 هەزار كه‌س، ئه‌وانه‌ی لە ناو کەمپەکان نیشتەجێن، یان دەرەوەی کەمپەکان، جگه‌ له‌و 200 هه‌زار كه‌سه‌ی خه‌ڵكی شێخان و ده‌وروبه‌رین.

قەزای شێخان یەکێکە لەو قەزایانەی دوو ئیدارەییە و و لە ناوچەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانه‌، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 270 هەزار کەسه‌، 5 ناحیەی لەسەرە ئەوانیش “قەسرۆک، زێلکان، کەلەکچی، ئەترووش و باعەدرێ”.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا