ناتوانن موچەکانیان راکێشن
بەرزى ATM بوونەتە گرفت لەبەردەم کورتەباڵاکان
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
بانکەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی جێگیرکردنی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، رەچاوی دۆخی تایبەتی کورتەباڵاکانیان نەکردووە، ئەمەش وایکردووە ئەم توێژە نەتوانن بەبێ هاوکاریی کەسانی دیکە مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن و موچەکانیان وەربگرن.
ساڤۆ سامان، کە هاوڵاتییەکی کورتەباڵایە، لەبەردەم یەکێک لە ئامێرەکانی (ATM) لە شاری سلێمانییەوە بۆ 964 باس لەو گرفتە دەکات و وتى، “بەهۆی بەرزیی ئامێرەکانەوە نە دەستمان دەگاتە دوگمەکان و نە شاشەکەش دەبینین، بۆیە ناتوانین بە سەربەخۆیی پارەکانمان رابکێشین”.
ساکار ئەبوبەکر، هاوڕێی ساڤۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان بەردەوام پێویستیان بە هاوکاریی خەڵکە و ناتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، هۆزان قادر، کە یەکێکی دیکەیە لە کورتەباڵاکان، پێشنیار دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیژە (پلیکانە)ی تایبەت لەبەردەم ئامێرەکاندا دابنێن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن هاوشێوەی کەسانی دیکە و بەبێ گرفت پارەکانیان رابکێشن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح