دوعای دڵان
بە دەستە چەورەکانى و دڵە پاکەکەیەوە نزا بۆ ئارامى دەکات
بڕوا مەجید- شارەزوور
کاتێک مرۆڤ بە دڵێکی ساف و عاریفانەوە روو لە ئاسمان دەکات، چیتر رەشیی پەنجەکان و ماندوێتیی جەستە گرنگ نین، چونکە پەروەردگار گوێ لە رەنگی دڵەکان دەگرێت. لە ناحیەی زەڕایەن، گەنجێکی فیتەر بە دەستە چەورەکانییەوە، دڵێکى پاک و بێگەرد دەکاتەوە و نزاکانى دەبات بۆ ئاسمان.
بەکر عەلی، ئەو گەنجە کاسبکارەیە کە رۆژانە لەگەڵ بۆنی رۆن و زەحمەتی ئاسندا دەست و پەنجە نەرم دەکات، ئەو، دەستە ماندوو و چەورەکانی، کە هێمای رەنجێکی حەڵاڵ و ژیانێکی سەربەرزانەن، رووەو میهرەبانیی بارەگای خودا بەرز دەکاتەوە و بە زمانێکی سادە و رۆحێکی پڕ لە ئیمانەوە، بۆ خاک و هاوڵاتیانی نیشتمانەکەی دەپاڕێتەوە.
بەکر لە نزاکانیدا، کە وەک ئاوی کانی روون و پڕن لە سۆزی مرۆڤدۆستی، دەڵێت: “خودایە، ئارامی بخەرە دڵ و دەروون و ماڵەکانمان، ئاشتەوایی بەرقەرار بکەیت و ئارامی بهێنیت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح