کاربەدەستێکی ئەمریکی وادەڵێت:

“ئێران رازیبووە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لەناوببات”

هەژان هادی

سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران جەختیان کردووەتەوە کە دەستبەرداری یۆرانیۆمەکەیان نابن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کە ئێران رازیبووە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لەناوببات.

بلومبێرگ لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بڵاویکردووەتەوە، بەرامبەر بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەری، ئێران رازیبووە بە لەناوبردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی.

هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی، “لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دەربارەی لێکتێگەیشتنەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز قسەمان کرد، هەردوولا کۆکین لەسەر ئەوەی کە هەرجۆرە رێککەوتنێکی کۆتایی دەبێ مەترسی چەکی ئەتۆمی لەناو ببات، ئەوەش بە واتای هەڵگرتنی ئەو بنکانەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان تێدایە و بردنەدەرەوەی ئەو ماددەیە بۆ دەرەوەی خاکی ئێران، دێت”.

هەر ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەی بی سی نیوزی وت، “گەیشتن و نەگەیشتن بە رێککەوتن، بەتەواوی لەدەستی مندایە و ئەگەر هەواڵێک هەبێت، هەواڵی خۆش دەبێت، چونکە من رێککەوتنی خراپ ناکەم”.