هێرشى سەر وڵاتانى دراوسێ بەردەوام دەبێت

موجتەبا خامنەیی لە یەکەم وتاریدا وەکو رێبەری ئێران: گەرووی هورمز دادەخەین و تۆڵە دەکەینەوە

964+

وریا فەتاح

لە یەکەم وتاریدا دوای دیاریکردنی وەکو رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە شێوەی دەنگی پەخشکرا، موجتەبا خامنەیی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد و رایگەیاند، ئێران لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی “شەهیدەکانی” خۆی نابوێرێت.

سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو، موجتەبا خامنەیی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە “باوەڕیان بە دۆستایەتی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ”، بەڵام هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لە بنکەکانی “دوژمنەوە” لە وڵاتانی دراوسێ هێرش کراوەتە سەریان، بۆیە ناچارن وەڵام بدەنەوە و بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە

.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەری ئێران هۆشداری دا و وتی: “لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو تاوانانەی کە دوژمن ئەنجامیداوە، بە تایبەت کۆمەڵکوژیی قوتابخانەی میناب درێغی ناکەین”، جەختیشیکردەوە کە دەبێت سەرجەم تواناکان بخرێنەگەڕ بۆ داخستنی گەرووی هورمز.

گرنگترین خاڵەکانی وتارەکەی موجتەبا خامنەیی:

ئێمە تەنیا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج و پێشنیار دەکەین وڵاتانی ناوچەکە بنکەکانی ئەمریکا دابخەن. بنکەکانی دوژمن لە ناوچەکە ئامانجیان کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانە.

پێویستە لە هەموو ئەو بوارانەی کە دوژمنان لێی لاوازن هەڵسوکەوت بکەین و بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو پلانەکانیشیان، دەبێت خەڵک بە توندی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا ئامادە بن.

لێدانە بەهێزەکانمان ئەو وەهمەی دوژمنی شکاند کە پێی وابوو توانای کۆنتڕۆڵکردن و دابەشکردنی نیشتمانمانی هەیە.

بەرەی خۆڕاگری بەشێکی دانەبڕاوە لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی.