نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.3.2026 زیاتر بەرزبووەوە، بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز و پەرەسەندنی ململانێیەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراقیش بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە.

ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 83 دۆلار و 07 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نەوتی رۆژئاوای تەکساس گەیشتە 76 دۆلار و 60 سەنت، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆیشتنی نەوت و غاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تاڕادەیەک پەکی کەوتووە و خستنەڕووی نەوت کەمبووەتەوە،  دوای کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمز لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە.

بەپێی شیکردنەوەی شارەزایانی بازاڕی وزەی جیهانی، ئەگەری هەیە نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراویی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر درێژە بکێشێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا چەند بەرپرسێک بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، عێراق، کە ئێستا دووەم بەرهەمهێنەری نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێک، بەرهەمهێنانی نەوت بە ئاستی 1.5  ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەمکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمبارکردن و وەستاندانی هەناردەکردن.

هەناردەی نەوت لە هەرێم بۆ دابینکردنى سیولەی پێویست زیا...

هەناردەی نەوت لە هەرێم بۆ دابینکردنى سیولەی پێویست زیاد دەکرێ