لۆگۆی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
"کارەکانمان راگیراوە"
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر داوا لە هاوڵاتیانیان دەکات جموجۆڵەکانیان سنووردار بکەن
964+
شۆڕش قادری
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر داوا لە هاوڵاتیانیان دەکات جموجۆڵەکانیان سنووردار بکەن.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆکاری ئەمنیی، لەئێستادا نوێنەرایەتی ئەمریکا لە عێراق ئامۆژگاری هاوڵاتیانی دەکات، زیاتر وریابن و جموجۆڵەکانیان سنووردار بکەن و لە شوێنی خۆیان پەناگە بگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی راپۆرتەکان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق دەبینرێن، بۆیە رەوشی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت.
نوێنەرایەتی ئەمریکا لە عێراق ڕێنمایی داوە کە هەموو کارمەندانی نوێنەرایەتییەکە کە توانای کارکردنیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە هەیە، بەردەوام لە کارەکانیان، تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو، چونکە لە ئێستادا کارەکانی کونسوڵخانە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی راگیراوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە کردووە، لەئێستادا و بە هیچ هۆکارێک گەشت نەکەن بۆ عێراق، ئەوانەی لە عێراقیشن، پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی خۆیاندا بکەن، هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی خۆیان بکەن کە ئاخۆ لە پەناگەدا بمێننەوە یان عێراق جێبهێڵن، بۆ ئەو پلانەش نابێ پشت بە حکومەتی ئەمریکا ببەستن.
دووپاتیش کراوەتەوە کە لە ئێستادا ئاسمانی عێراق داخراوە، ڕەنگە بەرپرسانی عێراق لە ماوەیەکی کورتدا ئاسمانی وڵاتەکەیان دابخەن و بیکەنەوە، خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان لە بەغدا و هەولێر گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و رەنگە بەردەوام بێت، بۆیە بۆ نوێترین زانیارییەکان لەسەر گەشتەکان دەبێ هاوڵاتیانی ئەمریکی پەیوەندی بە هێڵی ئاسمانی خۆیانەوە بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر چەند رێنماییەکەی داوە بە هاوڵاتیانی ئەمریکی، لەوانەش؛
-ناوت تۆمار بکە لە پرۆگرامی ناونوسینی گەشتیارە زیرەکەکان (STEP) بۆ وەرگرتنی تازەترین گۆڕانکارییە ئەمنییەکان.
-پلانێک بۆ بارودۆخی نائاسایی ئامادە بکە، پێداچوونەوە بە چێک لیستی گەشتەکان بکە.
-دابینکردنی خۆراک و ئاو و دەرمان و شتە گرنگەکانی تر.
-مۆبایلەکەت بە شەحن بهێڵەرەوە و پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت بپارێزە بۆ ئەوەی لە دۆخی خۆت ئاگاداریان بکەیتەوە.
-دوور بکەوەرەوە لە هەموو کۆبوونەوە و جەنجاڵی و قەرەباڵغییەک و ئاگاداری دەورووبەری خۆت بە.
-چاودێری میدیای ناوخۆیی بکە بۆ زانیاری، ئامادەبە بۆ ڕێکخستنی پلانەکانت.
-دوور بکەوەرەوە لەو ناوچانەی کە بیانییەکان زۆر سەردانیان دەکەن.
-ئاگاداری هەموو رووداوە و شتە نائاساییەکان بە.
-فۆڵۆوی فەیسبووک و تویتەر/Xـی وەزارەتی دەرەوە بکەن.