"سەرەوەی هەورامی و بنی پۆمایە"
جەژن و نەورۆز نزیکن و وردە وردە بازاڕی کڵاش فرۆشان گەرم دەبێت
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
وردە وردە لە وەرزی گەرما و هاوین نزیک دەبینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە پێشمانەوەن، بۆیە لەمەبەدوا کڵاش فرۆشەکان بازاڕیان گەرم دەبێت.
تا ئێستا زیاتر کڵاشی هەورامی بەناوبانگ بووە و لەهەموو ناوچەیەکی کوردستان بازاڕی تایبەتی خۆی هەبووە، ئێستا جۆرە کڵاشێک پەیدابووە کە سەرەوەی هەورامی و بنیشی لاستیک و لەجۆری پۆمایە.
زاهیر جەلال دوکاندارە لە ناو بازاڕی سلێمانی و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “بنی کڵاشەکە پۆمایە و لە ئێران دروست دەکرێت، بەڵام سەرەوەی بەشێوەی هەورامی دەچنرێت و کۆمپانیای ئەسڵی پۆما ئاگاداری ئەو مەوزوعە نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جۆرێکیان هەیە کە لە سلێمانی دروست دەکرێت و دەستکردی باوکیەتی، نرخەکەشیان لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار دینارە.
گرانترین جۆری کڵاش لە دوکانەکەی وەستا زاهیر بایی 60 هەزار دینارە و وەک خۆیشی دەڵێت، “کڵاش لەوە چاکتر شک نابەم”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری