572 قوتابخانە داخراون
گەمارۆی سەر کۆبانێ هەزاران منداڵی لە مافی خوێندن بێبەش کردووە
964+
فەرهاد حەسەن
گەماروکەی سەر شاری کۆبانێ پێی نایە 25 مین رۆژ و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە داناوە و بە هەزاران منداڵی لە مافی خوێندن بێبەش کردووە.
ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە، ئیدارەی قوتابخانەکانی کۆبانی بانگەوازێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێکخراوەکانی پاراستنی منداڵان و دامەزراوە مرۆیی و مافی مرۆڤەکان کرد کە هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیەی بەسەر شارەکەدا سەپێندراوە و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ قوتابخانەکانیان.
سەرسوڕمانی و نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە سەردانی شاندێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) بۆ شاری کۆبانی و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی مرۆیی بەبێ دەرکردنی هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی.
ئاماژە بەوەشکراوە، گەمارۆدانی کۆبانی بووەتە هۆی داخستنی 572 قوتابخانە و نزیکەی 72 هەزار خوێندکار لە مافی خوێندن بێبەشکراون.
دەشڵێت “نیگەرانیی گەورەی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بەو گەمارۆیەی لە ماوەی 25 ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر شاری کۆبانیدا سەپێندراوە و کاردانەوەی جددی مرۆیی و پەروەردەیی، کە کاریگەری لەسەر هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و بەتایبەتی منداڵان و قوتابیان هەبووە”.
هەر بە پێی راگەیەندراوەکە، سەرەڕای رێکەوتنی راگەیەندراو و ئاگربەست، قوتابخانەکانی کۆبانی هێشتا قەرەباڵغییەکی زۆریان بە خەڵکی ئاوارە ماوە. بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و خراپی ژیان لەناو ئەو قوتابخانانەدا منداڵانی بەرکەوتەی مەترسییە تەندروستییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاتر بووە.