راسپاردەی پەڕلەمان وایە

بۆ چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی؛ 50 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێت

ئەحمەد مستەفا

لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە دۆسیەی 50 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان چەند بژاردەیەکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە هەرێم ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە.

دکتۆر عومەر محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راسپاردەکانی بڵاوکردەوە و  رایگەیاندووە، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بە ئەنجام گەیشتووە و کێشەکە کۆتایی پێ دێت.

بەپێی ئەو بژاردانەی راگەیەنراون، یەکەم بژاردە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق سووتەمەنیی پێویست، لەوانە بەنزین، گاز و نەوت، بۆ هەرێمی کوردستان بە هەمان نرخی پارێزگاکانی تری عێراق دابین بکات.

بژاردەی دووەمیش زیادکردنی بڕی 50 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدایە، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم سووتەمەنی بە هەمان نرخی عێراق بە هاوڵاتییان بفرۆشێت؛ واتە بەنزین بە 450 دینار، گاز بە 400 دینار و نەوتی سپی بە 150 دینار بۆ هەر لیترێک.

بەڵام لە دەقی فەرمیی ڕاسپاردەکەدا، کە لە بڕگەی 7 باس لە قەیرانی سووتەمەنیی هەرێم دەکات، تەنیا هاتووە کە کێشەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی چاوخشاندنەوە بەو بڕە نەوتە خامەی بۆ هەرێم تەرخان کراوە، واتە 50 هەزار بەرمیل، چارەسەر بکرێت، هەروەها بڕێک نەوتی سپی بۆ وەرزی زستانی داهاتوو تەرخان بکرێت.

بەم پێیە، ئەوەی لە راسپاردە فەرمییەکەدا بە روونی هاتووە، زیادکردنی بڕی نەوتی خامی تەرخانکراوە بۆ هەرێم، بەڵام دیار نییە ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین بۆ 450 دینار و نەوت بۆ 150 دینار یان نا.

+964صورة من منصة (شبكة):