وەزیر رایگەیاند

شەوانی زستان 32 بێلانە بۆ ماڵی ئارام و بەساڵاچووان گوازراونەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد رایگەیاند، خانەو ماڵەکانمان بەردەوام لانەن بۆ بێلانەکان و لە سەرمای زستاندا 32 بێلانە لە سلێمانی رزگار کراون

ئەمڕۆ شەممە 14.2.2026، کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و روونی کردەوە، ئەو داتا و زانیاریانە لە سەرمای زستاندا لە پارێزگای سلێمانی بۆ بێلانەکان ئەنجامدراوە.

بەپێی ئامارەکە لیژنەی سەرپەرشتی بێلانەکان، لەهەفتەیەکدا 3 شەو گەڕان و بەدواداچوونیان کردووە، هەموو ئەوکەیسانەی لەرێگەی تەلەفۆن سۆشیال میدیاوە لیژنەی لێ ئاگادار کراوەتەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە.

لەو ماوەیەدا 32 هاوڵاتی لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان کراوە و ژمارەیەک لەوانە بۆماڵی بەساڵاچووان و ژمارەیەکیان بۆ ماڵی ئارام بۆنەخۆشانی دەروونی و ژمارەیەکیان بۆ ماڵەکانی منداڵان و هۆتێلەکان گواستراونەتەوە، وەهەندێک لەو کەیسانە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری تەندروستی هەبووە.