بەهۆی باجەوە

دەوڵەمەندەکانی چین سەرمایەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئەمریکا

وریا فەتاح

ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی چین دەستیان کردووە بە گواستنەوەی پارەکانیان لە بانکەکانی هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوورەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە بڕیارێکی نوێی پەکین کە باجی لەسەدا 20ـی بەسەر سامانی دەرەوەی وڵاتی هاووڵاتیانیدا سەپاندووە.

هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی ئەمریکا ئەوەیە کە بانکەکانی ئەو وڵاتە، بە پێچەوانەی سەنگاپوور و هۆنگ کۆنگ، زانیاریی ئەژمێرە بانکییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نادەنەوە بە حکومەتی چین، ئەمەش وای کردووە دەوڵەمەندەکان وا هەست بکەن پارەکانیان لە چاوی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان شاراوە دەبێت.

شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە خواست لەسەر بانکەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام هاوکات یاساناسان هۆشداری دەدەن کە تەنها گواستنەوەی پارەکان نابێتە هۆی سڕینەوەی باجە کەڵەکەبووەکانی سەر ئەو سەرمایەدارانە و حکومەتی چین دەتوانێت بەپێی تۆمارە کۆنەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.