"پەڕینەوە بەسەریدا سەرکێشییە"

پردێک بووەتە مەترسی؛ هاتوچۆی سێ گەڕەکی بەسەرەوەیە و جەنجاڵی دروستکردووە

964+

رێباز خدر – هەولێر

لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە شاری هەولێر، پردێک کە هاتوچۆی سێ گەڕەکی بەسەرەوەیە، بووەتە مەترسی و بەیانیان جەنجاڵییەکی زۆر دروست دەکات.

پردەکە هەر بەناو پردە و زۆر بچووکە، بە کاتی دروست کراوە و دانیشتووانی سێ گەڕەکی هەولێری نوێ، سێبەردان و هیوا سیتی بەسەریدا هاتوچۆ دەکەن، بۆیە لەکاتی دەوامدا پاڵپەستۆیەکی زۆری لەسەر دروست دەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی رووخانی لەسەرە، بۆیە ئەگەر هەیە لە هەر ئانوساتێکدا رووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.

موزەفەر حەسەن دانیشتووی گەڕەکی هەولێری نوێ بە 964ـی وت، “پەڕینەوە بەسەر ئەو پردەدا سەرکێشییە، چونکە بکەویتەخوار، دەفەوتێی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەیانیان زوو و لە کاتی دەوامدا سەیارەی زۆر لەمبەراوبەری پردەکە کۆدەبێتەوە و بە زەحمەت دەتوانین دەربازمان ببێت، بۆیە پێویستە رێگاچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بەو بابەت 964 پەیوەندیکرد بە محەمەد یوسف بەڕێوەبەری شارەوانی سێ، ئەو وتی، “لە بنەڕەتدا ئەو پردە دەکەوێتە سەر کەندی هەولێری نوێ و پەیوەستە بە بەرێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر، بۆیە پەیوەندی بە شارەوانیەوە نییە، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە دوای دووجار لە رووخانی، جارێکی تر دروستمان کردەوە و ڕاگرمان بۆ دانا، بۆ ئەوەی شۆفێران سەلامەت بن”.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی چەند رۆژی رابردوو، راگرەکانی پردەکە دیسان شکاونەتەوە و ئەوەش مەترسییە بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ئەو سێ گەڕەکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە هەولێر نزیکبوونەوە لە پردی سەیداوە قەدەغەکرا

لە هەولێر نزیکبوونەوە لە پردی سەیداوە قەدەغەکرا