"لێدوانەکەی هاکان فیدان بێڕێزی تێدایە"

لەبارەی هێرشکردنە سەر شەنگال؛ عێراق هۆشداری بە تورکیا دەدات

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هۆشداری بە  باڵیۆزی تورکیا دەدات سەربارەت بە لێدوانەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و جەخت لە ڕەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی دەکاتەوە و دەشڵێت، “دۆسیەی شەنگال و سەرجەم ناوچە عێراقییەکانی دیكە بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی سێشەممە بانگێشتی “ئەنیل بۆرا ئینان”ی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد، لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانە نوێیانەی کە “هاکان فیدان” وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی “CNN”ی تورکی دابووی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، باڵیۆز “محەمەد حوسێن”، نیگەرانی و ناڕەزایەتی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانەی لە میدیاکاندا بڵاوبونەتەوە دەربڕی و جەختیکردەوە کە ئەو لێدوانانە بێڕێزی بەرامبەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا تێدایە، و بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان دادەندرێت.

بەرپرسەكەی عێراق جەختیکردەوە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دەستورییە و ناکرێت بەو وڵاتانەی تر بەراورد بکرێت کە خاوەن سیستمە سیاسییە جیاوازەکانن.

جەختیشی لە رەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی یان سەربازی کردەوە.

سەبارەت بە کاروباری ناوخۆییش، بریکاری وەزارەت جەختی لەوەکردەوە کە دۆسیەی شەنگال و سەرجەم ناوچە عێراقییەکانی دیكە بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لایخۆیەوە باڵیۆزی تورکیا روونیکردەوە کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بەهۆی وەرگێڕانی هەڵەوە بە شێوەیەکی نادروست لێکدانەوەیان بۆ کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قسەکانی وەزیر پەیوەست بووە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)  کە لە عێراقدا هەیە و پەیوەندی بە کاروباری ناوخۆیی عێراق یان هاوڵاتیانی عێراقییەوە نییە.

جەختیشیکردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق جێگیرە و رێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەرنادات.

باڵیۆزی تورکیا دووپاتی لە پەرۆشی حکومەتەکەی بۆ پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی، هەروەها گرنگی پاراستنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو گەلی دراوسێ بکات دەربڕی.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، پێویستە حكومەتی عێراق سوود لە ئەزمونی سوریا وەربگرێت و تەواوی خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و دوای سوریا سەرەی عێراق، وتبووشی، “پێشنیازه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر زه‌وی هێرش بۆ سەر شەنگال ده‌ستپێبكات و توركیاش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرشی سه‌ربازی بكات”.